ئێران: هەندێک لە سنووربەندییەکانی ئینتەرنێتمان هەڵگرت
وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئێران ڕایگەیاند، هەندێک لە سنووربەندییەکانمان لەسەر ئینتەرنێت کەم کردووەتەوە و هاووڵاتییان دەتوانن لە دەرەوەی وڵات پەیوەندیی بە کەسوکارەکانیان بکەن.
شەممە 21ـی حوزەیرانی 2025، ستار هاشمی، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئێران، لە کەناڵی تێلێگرام ڕایگەیاندووە، هاووڵاتییان لە ناوخۆ و دەرەوە دەتوانن لە رێگەی بەرنامە ناوخۆییەکانی ئێران، پەیوەندیی بە یەکەوە بکەن و نامە بگۆڕنەوە.
ئاماژەشی داوە، ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن دەتوانن لە ڕێگەی بەرنامە ناوخۆییەکانی وەکوو بەڵێ، ڕوبیکا ئیتا و سرووش پەیوەندیی لەگەڵ کەسوکارەکانیان لە ئێران بکەن.
ڕۆژی چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی ئاسایشی وڵات دەستڕاگەیشتنمان بە ئینتەرنێت سنووردار کردووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.