دۆناڵد ترەمپ: هەڕەشەکانی ئێرانمان وەستاند

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر هێرشی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە کۆشکی سپیەوە لە گوتارێکدا گوتی: فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە سێی شوێنی ئێران، ئۆپەراسیۆنێکی زۆر وردیان کردووە، بە بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕژێمی ئێرانمان، بە لەناوبردنی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان.
گوتیشی: ئامانجی ئێمە لە هێرشەکە ئەوە بوو، توانای ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرین و کۆتایی بە هەڕەشەکانی ڕژێمی ئێران بهێنین، کە وڵاتی یەکەمە لە پشتیوانی کردنی تیرۆر لە ئاستی جیهاندا.
ترەمپ لە گوتارەکەیدا، گوتی: دەتوانم بە جیهان ڕابگەیەنم کە هێرشەکەی ئێمە زۆر ناوازە بوو، لە ڕووی سەربازییەوە زۆر سەرکەوتوو بوون، چونکە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوی وێرانکران و لەنێو بران.
هەروەها ڕایگەیاند، ئێران ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێکداوە، بەڵام ئێستا دەبێت ئاشتی بکات.
سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی توندی لە ئێران کرد و گوتی: ئەگەر ئێران هەڕەشە و هێرشی دیکە بکات، زۆر بە ئاسانی هێرشی دیکەی دەکەینەوە سەر، چەندین ساڵە ئێران دروشمی دەدات و دەڵێت"مەرگ بۆ ئەمەریکا و مەرگ بۆ ئیسرائیل"، هاووڵاتییانی ئێمەی کوشتووە، بەهۆی سیاستەتە زۆرخراپەکانی ئێرانەوە بە سەدان هەزار کەس لە جیهاندا بوونەتە قوربانی.
گوتیشی: ژەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی زۆر کەسی کوشتووە، هەربۆیە چەند ساڵێک لەمەوبەر بڕیارمدا کە ئیتر بەردەوام بێت و ڕامگرت.
هەر لە گوتارەکەیدا ترەمپ پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ کرد و گوتی: ئێمە وەک تیمێک کارمان کردووە و هیچ تیمێک وەکوو ئێمە کاری هاوبەشیان نەکردووە، چونکە ئێمە ڕێگەیەکی درێژمان بڕی بۆ ئەوەی هەڕەشەکان لە سەر ئیسرائیل نەهێڵین، هەروا سوپاسی سوپای ئیسرائیل دەکەم بۆ ئەو کارانەی کردوویانە و بەردەوام دەبین.
ترەمپ سوپاسی فڕۆکەوانەکان و ئەو هێزە سەربازییانەی ئەمەریکای کرد، کە لە ئۆپەراسیۆنەکان بەشداربوون، گوتی: کارێکیان کرد، لە جیهاندا وێنەی نەبووە، هیوادارم جارێکی دیکە پێویست نەکات توانا و هێزەکانمان بەکار بهێنین، بۆیە ناکرێت ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ئێران تەنیا دوو ڕێگە لەبەردەمە یان ئاشتی یان دەبێت چارەنووسێکی تراژیدی هەڵبژێرێت.