لە پێناو سەلامەتیی هاووڵاتییان، ئیسرائیل قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان بۆ ماوەیەک دادەخات
دەستەی پەخشی ئیسرائیل بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی ڕایگەیاند، تەلئەڤیڤ بە تەواوی هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە هێرش کردنە سەر ئێران کردووە.
ئەو بەرپرسە باڵایە ڕایگەیاند "ترەمپ شەوی ڕابردوو، ناتانیاهۆی لە کاتی هێرشەکە ئاگادار کردووەتەوە."
ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکان ئاماژەیان بەوە کرد، دوای هێرشەکە، ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ، بە تەلەفۆن پێکەوە قسەیان کردووە.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەسەر سنووردارکردنی سەلامەتیی گشتیی کردەوە، ئەمەش لە دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، هەروەها دووپاتی لەسەر داخستنی قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان جگە لە کەرتە سەرەکییەکان بۆ ماوەیەکی نادیار کردەوە.
بەرپرسانی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، پشتڕاستیان کردەوە، هێزەکانی ئەمەریکا بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنز و ئەسفەهانیان، بۆمباران کردووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندن باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون. تائێستاش هێرشەکان بۆ سەر یەکتر بەردەوامە.