دوای هێرشەکەی ئەمەریکا، ئێران بە دەیان مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل

ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەریانی 2025، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران، زەنگی ئاگادار کردنەوە لە سەرجەم ئیسرائیل لێ درا.

سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاند "ئێران مووشەکێکی بەرەو حەیفا هاوێشتووە"

 دەشڵێت "ڕووبەڕووی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران دەبینەوە."

هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند "بە پێی خەمڵاندنەکان نزیکەی 40 مووشەکی ئێرانی بەرەو ئیسرائیل هەڵدراون. دەنگی تەقینەوەش لە قودس بیستراوە."

میدیاکانی ئیسرائیل ڕاشیانگەیاند "بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانەوە 16 کەس بریندار بوون."

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر  تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندن باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون. تائێستاش هێرشەکان بۆ سەر یەکتر بەردەوامە.