عراقچی: ئەمەریکا پێشێلکاریی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری دەدات، لەوەی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران تووڕەیی و لێکەوتەی خراپیان دەبێت و دەڵێت: تاران هەموو مافێکی بەرگری لەخۆکردن بە ڕەوا دەزانێت.
عراقچی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕەخنەی توندی لە هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی گرتووە و نووسیویەتی "ئەمەریکا کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئاشتیخوازەکانی ئەتۆمیی ئێران، پێشێلکارییەکی گەورەی لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان کردووە."
هەروا ئاماژەی داوە، ڕووداوەکانی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی حوزەیرانی 2025، تووڕەیی و لێکەوتەی نەرێنی درێژخایەنیان دەبێت، هەربۆیە سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت لەم ڕەفتارە مەترسیدارە لەڕادەبەدەرەی پێشێلکاریی و تاوانکارییەدا بەهۆش خۆیان بێنەوە.
عەباس عراقچی ئەوەشی نووسیوە: بە گوێرەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران مافی خۆیەتی هەموو ڕێگە و بژاردەیەک بۆ بەرگریی لە سەروەری خاکی وڵاتەکەیی و بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران بگرێتەبەر و بە مافێکی ڕەوای خۆی بزانێت.
بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزی ئاسمانی ئەمەریکا هەرسێ دامەزراوەی ئەتۆمی فەردۆ و نەتەنز و ئیسفەکانی بۆمباران کرد و بە گوتەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لە ناو ئێران ئەنجامیداوە، بموونەییە و سوپای هیچ وڵاتێکی دیکە ئەم توانایە و بوێریەیان نییە.
ڕاشیگەیاند، بەم هێرشانە توانیوانە کۆتایی بە هەڕەشە و مەترسییە ئەتۆمییەکانی ئێران بهێنن.