وردەکاری بۆردومانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە

هەر زوو، دوای ئەوەی ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، هێرشیان کردووەتە سەر کوورە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و ئەسفەهان و فۆردۆ، زانیاریی وردەکاری تەکنیکی و سەربازییەکان لەبارەی هێرشەکەی ئەمەریکا دزەیان کرد و میدیاکان بڵاویان کردەوە.
وەک شارەزایانی سەربازیی پێشبینیان کردبوو، هێرشەکە بەشێوەیەکی سەرەکی بە فڕۆکەی شەڕکەری B-2 کراوە کە چەند ڕۆژ لەمەو پێش گەیشتووەتە ناوچەکە، هەندێ لە ڕاپۆرتەکانیش ئاشکرای دەکەن، ئەو فڕۆکانە بینراون کە بەرەو دوورگەی گوام لە ئۆقیانووسی هێمن چوون دوای جێبەجێکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.
شارەزایانی سەربازیی ئاشکرایان کردووە، بۆ یەکەم جارە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆمبی GBU-57ـی سەنگەرشکێن لە هێرشەکانیدا بۆ سەر هەر سێ پێگەی ئەتۆمیی فۆردۆ و ئەسفەهان و نەتەنزی ئێرانی بەکار هێناوە کە کێشی زیاتر لە 13.6 تۆنە و توانای هەیە 18 مەتر کۆنکرێت ببڕێت و 61 مەتریش بچێتە قوڵایی زەوی بەرلەوەی بتەقێتەوە.
شارەزا سەربازییەکان دەڵێن: کورەی فۆردۆ کە 80 بۆ 90 مەتر لەژێر زەوییدایە، ئەو بۆمبە لە پێکانی ئامانجەکەی زۆر سەرکەوتوو نابێت، بەڵام ئەوە تاکە هیوایە بۆ پێکانی ئامانجەکە.
بەرپرسانی ئەمەریکا بۆ تۆڕی CBS News ئاشکرایان کردووە، هێزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بە فڕۆکەی شەڕکەری B2، دوو بۆمبی GBU-57ـی سەنگەرشكینی لەهەر کوورەیەکی ئەتۆمیی ئێران داوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمەریکاوە گوتی: هیچ سوپایەکی جیهان ئەوەی پێ ناکرێت کە سوپای ئەمەریکا کردی و دووپاتی کردەوە، سەرکەوتوو بوون لە گەیشتن بە فۆردۆ، ئەو وێستگەیەی زۆرترین پیاندنی یۆرانیۆمی تێدا دەکرا.
مەهدی محەممەدی، ڕاوێژکاری ستراتیجیی سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش دوای بۆمبارانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لەلایەن ئەمەریکاوە ڕایگەیاند، ئەو بنکە ئەتۆمییانەی بۆمباران کراون، ماوەیەکی زۆرە چۆڵ کراون.
مەهدی محەممەدی ئاماژەی بەوە کردووە ''دەکرێت زیانەکان قەرەبوو بکرێنەوە و دامەزراوە ئەتۆمییەکان لەم هێرشەدا زیانێکی ئەوتۆیان بەرنەکەوتووە.''
ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ڕایگەیاند "کورە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنز و ئەسفەهان هێرشیان کراوەتە سەر." دەشڵێت: ئەم هێرشە پێشێلکارییە بۆ سەر یاسا نێودەوڵەتییەکان.
ئەوەشی دووپات کردووەتەوە، هێرشەکان هیچ کاریگەرییەک ناکەنە سەر چالاکییەکانیان و ئێران بەردەوام دەبێت لە پرۆژە ئەتۆمییەکانی بۆ مەبەستی ئاشتی. دەڵێت: چاوەڕی دەکەین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل بکات بۆ سەر کورە ئەتۆمییەکانی ئێران، پێی وایە ئەمە یاسای دارستانە کە دژ بە ئێران و مافێکی شەرعی گەلێک بەکار دێت.