ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سبەی کۆدەبێتەوە

هیچ تیشکێکی ئەتۆمی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فەردۆ، نەتەنز، ئەسفەهان بڵاو نەبوونەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەرەڕای ئەوەی دڵنیایی دەدات کە هیچ تیشکێکی ئەتۆمی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فەردۆ، نەتەنز، ئەسفەهان بڵاو نەبوونەتەوە، بەڵام کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەو بارەیەوە ڕێک خست. 

یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەهۆی هێرشەکانی دوێنێ شەوی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فەردۆ، نەتەنز، ئەسفەهان لە ئێران، داوای کردووە سبەی دووشەممە 23ـی حوزەیرانی 2025، ئەندامانی ئاژانسەکە کۆبوونەوەیەکەی بەپەلە بکەن.

هەروەها ئاماژەشی داوە، لەلایەن بەرپرسانی ئێران پشتڕاست کراونەتەوە کە بەهۆی هێرشەکانی دوێنێ شەوی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە، هیچ تیشکێکی ئەتۆمی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فەردۆ، نەتەنز، ئەسفەهان بڵاو نەبوونەتەوە.

دووپاتیشی کردەوە، هێرشەکانی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە ئێستادا هیچ دەرئەنجامێکی خراپی لەسەر تەندروستی و ژینگە نابێت، گوتیشی: لە چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی باردۆخەکە بەردەوام دەبن، هەر کە زانیاری نوێش بەردەست بوو ئەوە بڵاوی دەکەنەوە.

هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی "ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن.  بارێکی تەواو لە بۆمب  بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە."

لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتووە "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.