جەی دی ڤانس: لەگەڵ ئێران لە جەنگدا نین
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە کاتێکی دروست هێرشمان کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەگەر زیاتر چاوەڕێمان کردبا ئەوە دەرفەتەکەمان لە دەست دەدا.
یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، ئێمە لەگەڵ ئێران لە جەنگدا نین، بەڵکوو لەگەڵ بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە لە جەنگداین.
ئاماژەشی دا، هێرشەکانی دوێنێ شەوی وڵاتەکەی شاهێدی بەهێزی سوپای ئەمەریکان.
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی: بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەرفەتێکی کەممان لە بەردەست بوو، ئەگەر شەش مانگی دیکە هێرشمان کردبا ئەوە دەرفەتەکەمان لە دەست دەدا. جەختیشی کردەوە، بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانمان بۆ ماوەیەکی درێژ دواخست.
جەی دی ڤانس باسی لەوەش کرد، بەدڵنیایەوە متامانەمان بە دەزگای زانیاریی وڵاتەکەمان هەیە، بەڵام متامانەمان بە هەستەکانیشمان هەیە، چونکە ئێران لە دانوستانەکانیان ڕاستگۆ نەبوون و بە مەبەست ڕایانگرت.
هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی "ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن. بارێکی تەواو لە بۆمب بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە."
لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتووە "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.