ئاژانسێک: نۆ ئەندامی سوپای پاسداران لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون

ئاژانسێکی هەواڵی ئێرانی لەسەر زاری سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، نۆ ئەندامی سوپاکەیان لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان کوژراون.

یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل و بە ئامانج گرتنی دوو ناوەندی سەربازی لە شاری یەزد لە ئێران، نۆ ئەندامی سوپای پاسداران کوژران.

هەروەها ئاماژەشی داوە، ژمارەیەک ئەندامی دیکە برینداربوونە.

پێشتریش ئاژانسی هەواڵی فارس ڕایگەیاندبوو، ئیسرائیل دوو بنکەی سەربازی لە شاری یەزد بۆردومان کرد.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.