ترەمپ: بۆمبی ئەتۆمیمان لە نێو دەستی ئێران دەرهێنا
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دوێنێ دەستکەوتێکی بێ وێنەی سەربازیمان لە ئۆپەراسیۆنەکەی دژی ئێران بەدەست هێنان، بۆمبی ئەتۆمیمان لە نێو دەستی ئەوان دەرهێنا.
یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'تروس سۆشیاڵ' نووسیویەتی: تۆماس ماسی کۆنگرێسمانی ئەمەریکا و نوێنەری ویلایەتی کنتاکی یەکێک نییە لە ئەندامانی جوڵانەوەی (MAGA)، چونکە ئەو هەمیشە لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایە.
ئاماژەشی دا، ئەو کۆنگرێسمانە پشتگیری بەرنامەی ئەتۆمی تاران دەکات، سەرەڕایی ئەو مێژووە دوژمنکارییەی لە نێوانماندا هەیە، ئێران هەزاران ئەمەریکی کوشتووە و برینداری کردووە، تەنانەت پێشتر دەستی بەسەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکای لە تاراندا گرتبوو.
ترەمپ دەشڵێت: ئێمە دوێنێ دەستکەوتێکی بێ وێنەمان بەدەست هێان، بۆمبی ئەتۆمیمان لە نێو دەستی ئێران دەرهێنا، کە ئەگەر ئێران بیتوانیبایە بەکاری دەهێنا، بەڵام وەکوو هەموو جارێک لەجیاتی ئەوەی ستایش بکرێم، تۆماس ماسی کۆنگرێسمان وەکوو هەمیشە دژی ئەو دەستکەوتانە وەستاوەتەوە.
هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی "ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن. بارێکی تەواو لە بۆمب بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە."
لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتووە "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.