ڕافایل گرۆسی: نابێت بەهیچ شێوەیەک هێرشی چەکداری بۆ سەر دامەزراوەی ئەتۆمی بکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕاگەیاند:بەهۆی هێرشەکانی ئەمەریکاوە ئەگەری فراوانبوونی مڵملانێیەکان هەیە و پێویستە بگەڕێینەوە سەر مێزی گفتووگۆ.

ڕافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، ڕاگەیاند: ڕێککەتنامەی ئاژانسی ئەتۆم ئێستا لەژێر مەترسیدایە، بەهۆی هێرشەکانی ئەمەریکاوە ئەگەری فراوانبوونی مڵملانێیەکان هەیە، پێویستە بگەڕێینەوە سەر مێزی گفتووگۆ و ڕێگە بدرێت پشکنەرەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بچنە نێو وێستگەکانی وزەی ئەتۆم لە ئێران.

ڕافایێل گرۆسی، گوتی: پێویستیمان بە ئاشتییە و دەبێت ڕوو لە دانوستان بکەین، پشکنەرەکان ئێستا لە ئێرانن پێویستە ڕێگە بدرێت کاری خۆیان بکەن، لە فۆردۆ نزیکەی لە ٪60ـی یۆرانیۆم پیتێندراوە، هیچ کەسێک ناتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکانی بۆردوومانەکان بکات لەلایەن ئەمەریکاوە.

ڕافایێل گرۆسی گوتیشی: نابێت بەهیچ شێوەیەک هێرشی چەکداری بۆ سەر دامەزراوەی ئەتۆمی بکرێت، چونکە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ماددەی تیشکەدەر هەیە لە دەورووبەری.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانـیان لە ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕایگەیاند: هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان.

گوتیشی: پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین، هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات، ئێستا کاتی ئاشتییە.

 
 
Fly Erbil Advertisment