عەلی ئەکبەر ویلایەتی: ئێران بە مافی خۆی دەزانێت هێرش بکاتە سەر هەر بنکەیەکی ئەمەریکا لە ناوچەکە
ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، ئەوان هێرشیان کردە سەر دڵی جیهانی ئیسلامی، ئێمەش بەرگەی ئەو سوکایەتییە ناگرین بۆیە دەبێت چاوەڕێی دەرئەنجامەکان بکات.
یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێرانی لەسەر زاری عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ئیتر هیچ شوێنێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە جیهانی ئیسلامی بۆ ئەمەریکا و بنکە سەربازییەکانی نامێنێت.
ڕاشیگەیاندووە، ئەمەریکا هێرشی کردووەتە سەر دڵی جیهانی ئیسلامی و دەبێت چاوەڕوانی دەرئەنجامەکانیشی بکات، چونکە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هیچ شێوەیەک بەرگەی سووکایەتی و دەستدرێژییەکان ناگرێت.
ەلی ئەکبەر ویلایەتی جەختیشی کردەوە، هەر بنکەیەکی ئەمەریکا لە ناوچەکە کە تێیدا هێرش بۆ سەر وڵاتەکەمان کرابێت، ئەوە ئێمە بە مافی خۆمان دەزانین، هێرشیان بکەینە سەر.
هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی "ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن. بارێکی تەواو لە بۆمب بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە."
لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتووە "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.