ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا داوا لە ئێران دەکەن بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ
وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا (E3) لە دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، داوا لە تاران دەکەن بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و هیچ کارێک نەکات کە گرژییەکان فراوانتر بکات.
یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا (E3) لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوا لە ئێران دەکەن بە مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمییەکەی بەشداریی دانوستانەکان بکات، هاوکات ئامادەیی خۆشیان لە بەشداری کردن لەو ئامانجە پیشانداوە.
هەروەها هانی ئێرانیش دەدەن هیچ کارێک نەکات کە گرژییەکان فراوانتر بکات.
ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوەکەدا پابەندبوونی خۆیان لە سەقامگیری و ئاشتی ناوچەکە پیشانداوە و ڕایانگەیاندووە، لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان بۆ چارەکردن و دامرکاندەنەوەی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دووپات دەکەینەوە.
هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی "ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن. بارێکی تەواو لە بۆمب بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە."
لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتووە "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.