یەکێتی گوتەبێژەکەی گۆڕی
کاروان گەزنەیی لە جێگەی سەعدی پیرە کرایە گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
دووشەممە، 23-06-2025، سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، کاروان گەزنەیی، لە جێگەی سەعدی پیرە، کرایە گوتەبێژی حزبەکە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، سەعدی پیرە وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە ئەرکەکەیدا بەردەوام دەبێت.
کاروان گەزنەیی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستانە و گوتەبێژی لیستی یەکێتی بووە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
گەزنەیی، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، جێگری لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستان و ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان و پیشەسازی و بازرگانی بوو.
گوتەبێژە نوێیەکەی یەکێتی، ڕۆژی 07-05-1990، لە هەولێر لە دایک بووە و ماستەری لە سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە.