شیكردنەوەیەك: تەنیا لە مانگی ئابدا داعش 100 ھێرشی لە عێراق ئەنجامداوە
ئەو كردەوانەی داعش بەرێـژەی 25% زیادیكردووە
K24 - ھەولێر:
بە پێی راپۆرتێكی "یەكێتی لێكۆڵینەوە و شیكردنەوەی تیرۆر"، داعش وێڕای ئهوهی ھیچ ناوچەیەكی لە بەردەست نەماوە، كەچی ھێرشەكانی ھەر لە زیادبووندایە. لە راپۆرتەكەدا ئاماژەكراوە، داعش ھێشتا توانای ئەنجامدانی ھێرشە خوێناوییەكانی دژ بە ئامانجەكانی مەدەنی و سەربازی ماوە.
ئەو راپۆرتە پێگەی "فۆكس نیوز" بڵاوی كردەوە و تێیدا ھاتووە: چهكدارانی داعش تەنیا لە مانگی ئابدا 100 ھێرشی لە سەرتاسەری عێراقدا ئەنجامداوە.
یەكێتی لێكۆڵینەوە و شیكردنەوەی تیرۆر (TRAC) رایگهیاندووه، ئەو كردەوانەی داعش بەرێـژەی 25% زیادیكردووە و زۆربەی ئەو ھێرشانەش لەو ناوچانە ئەنجامدارون كە پێشتر بە "ناوچەی رزگاركراو" لە دەستی توندڕەوان دانراون.
ئەم زیادبوونەی ھێرشەكان، نیگەرانیی درووستكردووە لە دووبارە سەرھەڵدانەوەی داعش بە رێگای شانە نووستووەكانیەوە، ھەر ئەمەش ھۆكاری نیگەرانی ناوچەكە و جیھانە دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە شكستی داعش.
پێش سەردانی مانگی رابردووی بۆ واشنتن، سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستهفا كازمی بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی راگەیاند، عێراق ھێشتا پێویستی بە ئەمەریكا ھەیە بۆ لەناوبردنی ھەڕەشەكانی تیرۆریستان.
لە سووریا، بە تایبەتی لە شاری رەقە، كە داعش پێش شكستی لە ئاداری رابردوو، بە ناوەندی خیلافەتی خۆی ناوی دەبرد، ژمارەیەك لە چەكدارەكانی داعش بەردەوامن لە ئەنجامدانی ھێرشە خوێناوییەكانیان.
یەكشەممەی رابردوو، ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) رایگەیاند، لە ناوچەی "دشیشە"ی نزیك سنووری عێراق، چوار لە شهڕڤانانی ههسهده لە سەر دەستی داعش كوژران و رۆژێك دوای ئەوە داعش بەرپرسیاریەتی خۆی لە ھێرشێكی دیكەش راگەیاند، گوایه پێنج چهكداری دیكهی ههسهده كوژراون، بهڵام ئهو ههواڵه له لایهن ههسهدهوه پشتڕاست نهكراوهتهوه.
ھێشتا چەكدارانی داعش لە ناوچەیەكی بەرفراوانی سووریا ھەن، كە ھەر لە گوندەكانی رۆژھەڵاتی حمس دەستپێدەكات تا دەگاتە سنووری عێراق و ھێرش دژ بە ھێزەكانی سهر به حكومهتی سووریا ئەنجامدەدات.
عێراق دوای سێ ساڵ لە شەڕی خوێناوی، لە ساڵی 2017 سەركەوتنی بەسەر داعش راگەیاند.
بەڵام چهكدارانی داعش ھێشتا توانای ھێرشكردنە سەر ھێزە ئەمنییەكانیان لە باكووری و رۆژئاوای عێراق ماوە.
پسپۆڕان زۆر ھۆشدارییان داوە لەوەی شكستی داعش و نەمانی ناوچەكان لە ژێر دەسەڵاتیان ئەو واتایە ناگەیەنێت، كە بە تەواوی لەناوبراون.