میدیاکانی ئیسرائیل: بەرپرسانی تەلئەڤیڤ هیوادارن لەم ڕۆژانە جەنگ کۆتایی بێت

دیمەنی بۆمبارانێکی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەیەکی تاران
دیمەنی بۆمبارانێکی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەیەکی تاران

میدیاکانی ئیسرائیل لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەک ڕایانگەیاندووە، بەرپرسانی ئیسرائیل ئومێدەوارن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆتایی بە جەنگەکەیان لەگەڵ ئێران بێت. پاش ئەوەی بەهێرشەکانی ئەمڕۆی هێزەکانی ئیسرائیلیش کە کارەبای باکووری بەشی باکووری تاران پچڕا، دوای چەند کاتژمێرێکی کەم، کارەبای ناوچەکە گەڕایەوە، کۆمپانیای کارەبای تارانیش ڕایگەیاند: کارەبای تاران گەڕایەوە دۆخی ئاسایی جارانی خۆی.

لەلایەکی دیکەدا، ئاژانسی تەسنیمی ئێران بڵاوی کردەوە، لە ڕۆژئاوای تاران، دەستییان بەسەر بەرهەڵگرێکی پڕ لە درۆندا گرتووە، کەسێکیشیان بەتۆمەتی کاردن بۆ مۆسادی ئیسرائیل دەستگیر کردووە.

هاوکات، دەسەڵاتی دادوەری پارێزگای لۆرستان ئاشکرای کرد، 10 کەسییان بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەستگیر کردووە.

حکوومەتی ئێران ئاشکراشی دەکات، ڕاپۆرتەکان دووپاتی دەکەنەوە، هیچ مەترسییەک بۆ پیسبوونی ژینگە نییە بە تیشکدانەوەی ئەتۆمیی لە ئەنجامی هێرشی ئیسرائیلدا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان، ڕاشیگەیاندووە، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر تاران، باڵەخانەی مانگی سوری بە ئامانج گرتووە.

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، لانیکەم دوو کەشتیی گەورەی نەوت هەڵگر لە گەرووی هورمز دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران سووڕانەوە و گەڕانەوە.

پۆلیسی ئێرانیش دەڵێت: تۆڕێکمان دەستگیر کرد، درۆنیان لە ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژئاوای تاران هەڵدەفڕاند.

سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت: لەماوەی دوو کاتژمێردا، 100 هێرشی ئاسمانیمان کردە سەر ئامانجەکانمان لە تارانی پایتەختی ئێران.

سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاند: ڕێگەکانی گەیشتن بە بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆمان بە ئامانج گرت، لەگەڵ بەردەوامی ئاڵۆزییەکانیش، میدیاکانی ئیسرائیلیش دەڵێن: کەسێکی ئیسرائیلی لە حەیفا گیراوە، سیخوڕیی بۆ ئێران کردووە.

سوپای پاسدارانی ئێرانیش ئاشکرای کردووە، چەند ئامانجێکی ستراتیجییان لە ئیسرائیل بۆردوومان کردووە.هێزەکانی بەرگریی ئاسمانییش لەو وڵاتە ڕایگەیاند: 130 درۆنی ئیسرائیلیان تا ئێستا خستووەتە خوارەوە.

میدیاکانی ئیسرائیلیش لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەک ڕایانگەیاندووە، بەرپرسانی ئیسرائیل ئومێدەوارن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆتایی بە جەنگەکەیان لەگەڵ ئێران بێت، ئاشکراشی دەکات، 50 فڕۆکەی جەنگیی بەشداریی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیلیان بۆ سەر ئێران کردووە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment