ئاژانسێک: ئێران لە هێرشەکانی بۆ سەر ئەمەریکا بەردەوام دەبێت
بەرپرسێکی ئێران ڕایگەیاند، تاوەکوو سزای ئەوانە نەدەن کە هێرشیان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی کرد، دەست بە دانوستان ناکەن.
دووشەممە 23ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ئێران لە وەڵام و هێرشەکانی بۆ سەر ئەمەریکا بەردەوام دەبێت.
هەروەها باسی لەوەش کردووە، ئێران دەیەوێت دانوستانەکان دەست پێ بکاتەوە، بەڵام دوای ئەوەی وەڵامی هێرشەکانی ئەمەریکای دایەوە و ئەو کەسانەی بەرپرسیار لە هێرشەکەی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان سزا دا.
جەختیشی کردووەتەوە، ئەگەر ئەمەریکا و ئیسرائیل دانوستانیان دەوێت، دەبێت هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران ڕابگرن.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، شەش مووشەکی ئاراستەی بنکەیەکی ئەمەریکی عودەید لە قەتەر کردووە. هاوکات ئۆپەراسیۆنی بەشارەتی فەتحی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەست پێ کردووە.