دژی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق، جووتیاران دەرگای سایلۆی مەخمووریان قوفڵ کردووە

دژی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق، جووتیاران دەرگای سایلۆی مەخمووریان قوفڵ کردووە
دژی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق، جووتیاران دەرگای سایلۆی مەخمووریان قوفڵ کردووە

سەرەڕای دەستپێکردنی وەرزی وەرگرتنی گەنم لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام زیاتر لە مانگێکە دەرگای سایلۆی مەخموور هێشتا بە ڕووی جووتیاراندا داخراوە و هیچ بڕە گەنمێکی لە جووتیارانی ناوچەکە وەرنەگرتووە. 

سێشەممە، 24-06-2025، یەکێک لە جووتیارەکان لە بەردەم سایلۆی مەخموور بە ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بەرهەمی گەنم لە سنووری مەخموور زیاتر لە 100 هەزار تۆنە، کەچی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری داوە تەنیا 22 هەزار تۆن وەربگرێت. ئەمە بڕیارێکی ستەمکارانەیە، چونکە بڕێکی زۆر زۆر کەمە و زۆرینەی جووتیارانی ئەم ناوچەیە بە کورد و عەرەبەوە زیانێکی زۆر دەکەن. ئەو گەنمەی بڕیارە لێمان وەربگیرێت، تەنانەت بەشی پارەی ئەو پەینە کیمیاییە ناکات کە بە درێژایی ئەمساڵ کڕیومانە."

جووتیارێکی دیکەش گوتی: 37 ڕۆژە لە بەردەم سایلۆی مەخموور لە نۆرەداین تا گەنمەکەمان لێ وەربگیرێت، بە درێژایی دوو کیلۆمەتر بارهەڵگر وەستاوە. ڕۆژانە پێمان دەڵێن، سبەینێ وەرنەوە لێتان وەردەگرین کەچی دێین کەسی لێ نییە. بڕیار بوو ئەمڕۆ گەنمەکە وەربگیرێت، بەڵام بڕیاریان داوە تەنیا 22 هەزار تۆنمان لێ وەربگرن کە بەروارد بە ساڵی ڕابردوو بڕێکی زۆر زۆر کەمە؛ ئێمەش وەک ناڕەزایەتییەک لە دژی بڕیارەکە، قوفڵمان لە دەرگای سایلۆکە داوە و ڕێگە نادەین گەنمی هیچ جووتیارێک وەربگرن.

وەکوو ئەو جووتیارە باسی کرد "لەبەر ئەوەی زیاتر لە مانگێکە لە نۆرەداین، زۆرینەی گەنمەکەمان لەنێو بارهەڵگرەکاندا، بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما تێک چووە، خاوەن بارهەڵگرانەکانیش بۆ هەر مانەوەیەکی شەوانە، داوای 100 هەزار دینار دەکەن. ئەگەر بە درێژایی 37 ڕۆژی ڕابردوو هەژماری بکەیت، دەبێت زیاتر لە دوو ملیۆن دینار بەس بە خاوەن بارهەڵگرەکان بدەین. ئەو ڕۆژە، ناچار بووم، گەنمی نێو بەشێک لە بارهەڵگرەکان لەسەر زەوی دابنێم، چونکە لە بنەوە زۆرینەی تێک چووبوو و ناتوانم پارەی خاوەن بارهەڵگرەکانیش بدەم."

بە بڕوای بەشێکی جووتیاران بابەتەکە بە سیاسی کراوە، یەکێکیان گوتی: لە شرگات، مووسڵ، حەویجە و ناوچەکانی دیکە هیچ کێشەیەک لە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاراندا دروست نەبووە و هەمووان گەنمەکەیان ڕادەست کردووە، تەنیا لێرە نەبێت، بابەتەکەیان بە سیاسی کردووە، چونکە زۆرینەی دانیشتووانی مەخموور کوردن، دەیانەوێت کەمترین بڕ گەنم لێمان وەربگرن، تا زەرەر بکەین و گەنمەکەمان فڕێ بدەین. بەم شێوەیە دەیانەوێت وا لە جووتیاری کورد بکەن، جارێکی دیکە گەنم نەچێننەوە."