ئاگادارییەک لە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانییەوە
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دەنگی موچەخۆران گەیشتووەتە هەموو دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و عێراق و خۆپیشاندان لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت، گونجاو نییە.
سێشەممە، 24-06-2025، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "پشتیوانی و پاڵپشتیی تەواوی خۆمان بۆ ماف و داوا ڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتیی دەردەبڕین و باری دژواری ژیان و گوزەرانی موچەخۆران بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەوە لەبەرچاو دەگرین."
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "بەهەموو لایەکی رایدەگەیەنین، دەنگی موچەخۆران و ناڕەزایەتییەکانیان گەیشتووەتە هەموو دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ، بەڵام ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێ پەڕدەبێت، گونجاو نابێت."
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە "وەک چۆن پێشتر هاوکار و هەماهەنگ بووین لە پرسی پاراستن و هێنانەکایەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خۆپیشاندان و سەلامەتیی گیانی خۆپیشاندەران، ئەمجارە بەسوپاس و پێزانینەوە، داوا دەکەین خۆپیشاندانەکە بۆ کاتێکی سەقامگیرتر دوابخەن تا هاوکار و هەماهەنگ بین لەگەیاندنی پەیامەکانیان بەشێوەیەکی شارستانیانە و دوور لەهەر ئەگەرێکی توندوتیژی و ڕووداوی نەخوازراو."