ترەمپ: بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانم لەناو برد و جەنگەکەشم وەستاند

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی ئێرانم ناوێت، چونکە نامەوێت کارەساتێکی دیکە دروست ببێت، هاوکات نابێت بیر لە بەرنامەی ئەتۆمیش بکەنەوە، بەڵکوو دەبێت بیر لە بونیاتنانەوەی بازرگانی وڵاتەکەیان بکەنەوە.

سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە نێو فڕۆکەی (Air Force One) کە بۆ بەشدارییکردن لە لوتکەی ناتۆ بەرەو ئەورووپا فڕیوە، وەڵامی ڕۆژنامەنووسێکی لەبارەی گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی ئێرانی دایەوە و گوتی: بە دوای گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانیی ئێران نیمە، ناشمەوێت بیبینم، بەڵکوو دەمەوێت هەموو شتێک بە ئارامی بەڕێوە بچێت.

دۆناڵد ترەمپ ڕوونیشی کردەوە، گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی، کارەسات دەنێتەوە، ئێمەش نامانەوێت کارەساتی زیاتر ببینین.

سەرۆکی ئەمەریکا جەختیشی کردەوە، ئێرانییەکان، بازرگانێکی زۆر باشن، خەڵکی بازرگانی زۆر باشیان هەیە، هەروەها نەوتێکی زۆرشیان هەیە، بۆیە پێویستە بازرگانی خۆیان بونیات بنێنەوە و نابێت هەرگیز بیر لە بەرنامەی ئەتۆمی بکەنەوە.

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیویەتی: ئیسرائیل و ئێران ویستیان جەنگە کە بە یەکسانی ڕاوستێت، بۆیە منیش بە شانازیەوە هەموو دامەزراوە ئەتۆمییەکانم لە ناو برد و جەنگەکەشم ڕاگرت. 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند. بە گوتەی ئەو ڕێککەوتنەکە "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.