لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن گەشتەکانی ئاسمانی دەستی پێ کردەوە

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن دەستی بە گەشتەکانیان کردەوە و هاووڵاتییان دەتوان بەبێ هیچ سنوورێک دەست بە چالاکییەکانیان بکەنەوە.

ئەمڕۆ  سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەلئەڤیڤ دەست بە گەشتەکانی ئاسمانی کردەوە و چیتر هیچ سنوورێک نییە بۆ ژمارەی گەشتەکان و گەشتییارا.

باسی لەوەش کردووە، تاوەکوو پێنجشەممە 26ـی ئەم مانگە هاووڵاتییان دەتوانن بەبێ هیچ سنوورێک دەست بە چالاکییەکانیان بکەنەوە و لە شوێنە گشتییەکان کۆبننەوە.

ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەو شوێنانەی دەکەونە نزیک غەززە نابێت زیاتر لە دوو هەزار کەس تێیدا کۆ ببنەوە.

ئەمەش دوای ئەوە دەێت کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند. بە گوتەی ئەو ڕێککەوتنەکە "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.