وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: گەشتە ئاسمانییەکان سبه‌ی ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومه‌تی فیدراڵ ئاماژه به‌وه ده‌كات، گەشتە ئاسمانییەکان سبه‌ی چوارشه‌ممه ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه.
سێشه‌ممه، 24ـی حوزه‌یرانی 2025، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومه‌تی فیدراڵ ڕایگه‌یاند، گه‌شته ئاسمانییه‌كان به شێوه‌ی پله‌به‌ندی له هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا و به‌سره بۆ ده‌ره‌وه سبه‌ی چوارشه‌ممه، 25ـی حوزه‌یران، ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومه‌تی فیدراڵ جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، گه‌شته‌كان به شێوه‌ی پله‌به‌ندی ده‌بێت. گوتووشیه‌تی، له ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌ی ڕابردوو، نزیکەی 90 گەشتی ئاسمانیی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە به‌ڕێوه چووه و زیاتر لە 24 هەزار و 900 سەرنشینی عێراقی بۆ عێراق له ڕێگه‌ی ئه‌م فڕۆكه‌خانه‌یه گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: تا کاتژمێر 10ـی شەوی دووشەممە 16ـی حوزەیرانی 2025، داخرانی ئاسمانی عێراق بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکان درێژ کرایەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
سێشه‌ممه، 24ـی حوزه‌یرانی 2025، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له تویتێكدا ئاگربەستی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕایگه‌یاند و گوتی، جیهان پێشوازیی له‌م بڕیاره ده‌كات، هاوكات پیرۆزبایی له جیهان، ئێران، ئیسرائیل و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد.
دۆناڵد تره‌مپ باسی له‌وه‌ش كرد، دوای 24 كاتژمێری دیكه، ئێران و ئیسرائیل به فه‌رمی شه‌ڕ ڕاده‌گرن. سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا گوتیشی، خه‌ریك بوو به‌هۆی ئه‌م جه‌نگه‌وه ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وێران بێت.
تره‌مپ باسی له‌وه‌ش كرد، ئێران ده‌ستپێشخه‌ریی ده‌كات و شه‌ش كاتژمێری یه‌كه‌م شه‌ڕ ڕاده‌گرێت و ئاگربه‌ست ڕاده‌گه‌یه‌نێت، هاوكات ئیسرائیل له 12ـه‌مین كاتژمێر شه‌ڕ ڕاده‌گرێت و ئاگربه‌ست ڕاده‌گه‌یه‌نێت.