ترەمپ ڕاپۆرتەکانی دوو میدیایی وڵاتەکەی لەبارەی هێرشەکانی دژی ئێران بە درۆ دەخاتەوە

دۆناڵد  ترەمپ ڕاپۆرتەکانی سی ئێن ئێن و نیویۆرک تایمز بە درۆ دەخاتەوە و ڕایگەیاند، ئەو دوو میدیایە بەیەکەوە کارد دەکەن و دەیانەوێت گرنگی ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووەکەی وڵاتەکەیان کەم بکەنەوە. 

دۆناڵد  ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس لەبارەی ڕاپۆرتەکانی تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن و نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی کە بڵاویان کردبووەوە، لە هێرشەکەی ئەمەریکا بەتەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەنێو نەبردراوون، نووسیویەتی: هەواڵە ساختەکانی سی ئێن ئێن و نیویۆرک تایمزی شکستخواردوو، بەیەکەوە هەوڵدەدەن سووکایەتیی بە یەکێک لە سەرکەوتووترین هێرشە سەربازییەکانی ئەمەریکا بکەن.

دووپاتیشی کردەوە، کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوی لەنێو بردراون.

دوێنێ سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتەکەیدا بڵاوی کردبووەوە، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکانی هەواڵگری ئەمەریکا هێرشەکانی ئەم دواییەی هێزەکانییان بەتەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لەنێو نەبردووە، واتە بەشە سەرەکییەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئێران وەک خۆیان ماونەتەوە، بەمەش هێرشەکان تەنیا چەند مانگێک بەرنامەکەیان دواخستووە.

باسی لەوەش کردووە، هەرچەندە فڕۆکەکانی B-2 زیاتر بە دەیان بۆمب دوو شوێنی سەرەکی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەوانیش، وێستگەی پیتاندنی سووتەمەنی فۆردۆ و شوێنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوە ناتانزی بۆمباران کرد، بەڵام هێرشەکان بە تەواوی سەنتەرفیوجەکان و کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراویان لەو دامەزراوانەدا لەناو نەبردووە.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن وەردەکاری زیاتر دەخاتە ڕوو و ئاماژەی داوە، ئەمەریکا مووشەکی تۆماهۆکی لە ژێردەریاییەوە بۆ لێدان لە دامەزراوە ئەتۆمیی ئەسفەهان بەکارهێنابوو، واتە بۆمبی GBU-57 ـی بۆ ئەو دامەزراوەیە بەکار نەهاتووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی دامەزراوەی ئەتۆمی ئەسفەهان قوڵاییەکەی لە ژێر زەوی لە دامەزراوەکانی فۆردۆ و نەتەنز زیاترە.

ڕۆژی یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'تروس' نووسیبووی "ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن.  بارێکی تەواو لە بۆمب  بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە."

لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتبوو "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."