پەکەکە: شەڕی ئێران و ئیسرائیل سەلماندی پرۆسەی ئاشتی چەندە گرنگ و پێویستە

ژمارەیەک ئەندامی پەکەکە
ژمارەیەک ئەندامی پەکەکە

بەرپرسێکی کەجەکە ڕایدەگەیەنێت، شەڕی ئێران و ئیسرائیل سەلماندی پرۆسەی ئاشتی چەندە گرنگ و پێویستە. دەشڵێت: نابێت دەستەواژەی "تورکیای بێ تیرۆر" بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی بەکار بهێنرێت. 

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی  کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) کە باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـیە، لە نوێترین لێدوانیی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیای حزبەکەی، باسی لە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان و شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران کرد. 

 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی ڕاگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوە چوو بوو. لە کۆنگرەکەدا، پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.

لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان و هەنگاوەکانی دوای کۆنگرەی 12ـەمینی پەکەکە؛ هاوسەرۆکی کەجەکە دووپاتی کردەوە، ئەوەی لەسەر شانیان بووە لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، بە تەواوی جێبەجێیان کردووە، ئێستا نۆرەی حکوومەتی تورکیایە هەنگاوی کردەیی پێویست بۆ مەبەستە بنێت. 

لە 1ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.

ئەو هاسەرۆکەی کەجەکە بە پێویستی دەزانێت، بەرپرسانی تورکیا چیدیکە دەستەواژەی "تورکیای بێ تیرۆر" بەکار نەهێنن، چونکە وەکوو خۆی گوتی ناوی پرسەکە "پرۆسەی نوێی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراسییە" و دەبێت هەمووان ئەو دەستەواژەیە بەکاربهێنن. 

بەسێ هۆزات لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "لە کۆنگرەی 12 لەسەر داوای ڕێبەرمان عەبدوڵلا ئۆجەلان، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە، چەکدانان و ڕاگرتنی شەڕمان دا. ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو، بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی، ئێستا دەبێت حکوومەتی تورکیاش ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی پێویستی نەناوە."

13ـی ئەم مانگە شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەستی پێ کرد و بۆ ماوەی 12 ڕۆژ بەردەوام بوو. بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، 24-06-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئاگربەستی شەڕی لە نێوان هەردوو وڵاتدا ڕاگەیاند. 

لەبارەی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، ئەو هاسەرۆکەی کەجەکە دووپاتی کردەوە، شەڕەکە بۆ هەمووان سەلماندی، پرۆسەی ئاشتی بۆ هەموو گەلان، چەندە گرنگ و پێویستە.