مەسرور بارزانی: شاندێک لە بەغداوە بۆ چارەکردنی پرسی مووچە دێتە هەولێر
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-06-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران؛ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی کردەوە "ئێمە بە هیچ جۆرێک واز لە هیچ مافێکی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستان ناهێنین و بەردەوامیش دەبین. لەو ماوەی ڕابردووشدا، ڕۆژ نەبووە کە خەریک نەبووبین بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە. لەگەڵ دەسەڵاتداران لە بەغدا بەردەوام لە پەیوەندیدا بووین. دوێنێش خۆم لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری و لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانیش قسەم کردووە کە ئێمە بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە بڕۆین. ئەوانیش زۆر بە خۆشحاڵییەوە ڕایانگەیاند، ئامادەن لە ماوەیەکی زۆر زۆر نزیک، لەم یەک دوو ڕۆژەدا شاندێک بنێرن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە بکەونە گفتوگۆی ڕاستەقینە لەسەر ئەم بابەتە و چارەسەری گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم."