مەسرور بارزانی: زیانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان زیاتر لە 25 ملیار دۆلارە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-06-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران؛ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ساڵی 2023ـەوە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەهۆی سکاڵایەکی حکوومەتی عێراق لە دژی تورکیا لە دادگایەکی پاریس ڕاگیراوە و بەهۆیەوە بە بڕی زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووە.

وەکوو ئەوەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی باسی کرد، تا ئێستا حکوومەتی فیدراڵی لە زیانە ئابوورییەکانی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت، قەرەبووی خەڵکی هەرێمی کوردستانی نەکردووەتەوە و بەهۆی بڕیارەکەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە. 

بە گوتەی مەسرور بارزانی، کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوت، تەنیا لە نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵكوو کۆمپانیاکانی هەناردەکردنی نەوتیش لە کێشەکەدا بەشدارن، بۆیە دەبێت ڕێککەوتن لەگەڵ ئەوانیش بێت و مافەکانیان دەستەبەر بکرێت. 

سەرۆکی حکوومەت ئەوەشی خستە ڕوو، بەشێکی زۆری ئەو نەوتەی ئێستا لە لایەن کۆمپانیاکانەوە بەرهەم دەهێنرێت، بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵیان واژوو کراون، لە بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا ساخ دەکرێتەوە، بەشێکی زۆریشی دەدرێتە ئەو پاڵاوگانەی بەنزین و پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکەن، هەروەها بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەباش تەرخان دەکرێت؛ واتا هەر لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا ساخ دەکرێتەوە. 

 

 

 
 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment