سەرۆکی حکوومەت: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی دەربارەی کێشەی مووچە لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێک بکەوین

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-06-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران؛ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن تا لەبارەی کێشەی مووچە لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێک بکەون، بەڵام لە ئەگەری ڕێک نەکەوتندا "هەرچی پێمان دەکرێت لە هەرێمی کوردستان، بە داهاتی ناوخۆ، بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان، بەهەر جۆرێک بێت، ناهێڵین پەکی خەڵک بکەوێت و ئەگەر نەشتوانین لە کاتی خۆیدا، یان وەکوو پێویست هەموو مافەکانیان دەستەبەر بکەین، بێگومان بە گوێرەی تواناکانمان، چیمان پێ بکرێت، دەیکەین." 

مەسرور بارزانی گوتی: "بەغدا موڵکی تاکە لایەنێک نییە کە ئێمە سواڵکەر بین و ئەوان خاوەن ماڵ،  دەبێت هەموومان لەم وڵاتە یەکسان بین. خۆشمان بە خاوەن دەسەڵات دەزانین، هەموو هەوڵێکیش دەدەین ڕێک بکەوین و هەموو مافەکان بە یەکسانی و دادپەروەرانە دابەش بکرێت"