ڕافایل گرۆسی: کاری لەپیشینەی ئێمە گەڕاندنەوەی چاودێرەکانە بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لە دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی ئێران بۆ هەڵپساردنی هەماهەنگیان لەگەڵ ئاژانسەکە ڕایگەیاند، کار بۆ گەڕاندنەوەی چاودێرەکانمان بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکان دەکەین.

چوارشەممە 25ـی حوزەیرانی 2025، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند، کاری لە پێشینەی ئێمە گەڕاندنەوەی چاودێرەکانی  ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمە بۆ سێ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی (فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنز) ئێرانە.

لەبارەی ئەوەی ئێران، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ %60  و نزیک لە ڕێژەی بەدەست هێنانی چەکی ئەتۆمی، گوتی: ئەوان بە تەواوی ڕوونیان نەکردبووەوە کە ئەو ڕێوشوێنە تایبەتانە چین؟ بەڵام کاریگەرییەکەی بە تەواوی ئاشکرا بوو کە دەیانویست پارێزگاری لە ماددە ئەتۆمییەکەیان بکەن.

ئاماژەشی داوە، پێدەچێت بەشێکی زۆری یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە هێرشەکان ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە، بێزیان گوێزراونەتەوە جێگەیەکی تر.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، پەرلەمانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ، پرۆژەیاسای کۆتاییهێنان بە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسەند کرد.

لە کۆی 219 پەرلەمانتاری ئامادەبووی کۆبوونەوەکە، 210 پەرلەمانتار بە (بەڵێ) دەنگیان بە پرۆژەیاساکە دا، تەنیا دوو پەرلەمانتار دەنگیان (نەخێر) بوو. بە گوێرەی پرۆژەیاساکە، هیچ کەسێک لە ئێران بۆی نییە هاوکاریی ئاژانسەکە و نوێنەرانی بکات؛ هەر کەسێکیش سەرپێچی بڕیارەکە بکات، بە توندترین شێوە سزا دەدرێت.

لەوبارەوە محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا ڕایگەیاند "بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمیی ئێران خێراتر لە جاران بەرەوپێش دەڕوات و ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران تا ئەو کاتەی لە ڕووی ئاسایشەوە گەرەنتی دەکرێت، هەموو هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەڵدەپەسێرێت."