بەڕێوەبەری کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر: ڕۆژانە زیاتر لە 100 تۆن تەماتەی ناوخۆیی وەردەگرین

بەڕێوەبەری کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر دەڵێت: لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و گەرما دەستمان بە وەرگرتنی تەماتەی ناوخۆیی کردووە، بەرهەمی کارگەکەمان لەڕووی سەلامەتی و کوالێتی باشترینە.
چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، شوان حەمید، بەڕێوەبەری کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە 15ـی ئەم مانگەوە دەستمان بەوەرگرتنی تەماتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.
بەڕێوەبەری کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر گوتیشی: ڕۆژانە 100 تۆن تەماتە لە جووتیاران وەردەگرین و لە هەر حەوت کیلۆ تەماتە کیلۆیەک دۆشاوی تەماتە بەرهەم دێت.
بەڕێوەبەری کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر، ئاماژەی بەوە دا، دۆشاوی تەماتەی هەریر هەناردەی ئەمەریکا و چەندان وڵات دەکرێت و کوالێتی لە هەموو ئەو دۆشاوانە باشترە، کە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت، چونکە هیچ ماددەیەکی دیکە لەگەڵی تێکەڵ ناکرێت. خەڵکی خۆمان لە بەرهەمەکە ڕازییە و دەڵێن، زۆر سەلامەتە و بۆ تەندروستییان زۆر باشە.