پزیشکیان: ئێران بۆ پێکهێنانی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەکی ئەتۆم ئامادەیە

سەرۆک کۆماری ئێران دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ پێکهێنانی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەکی ئەتۆم، بەڵام بەو مەرجەی ئەو ناوچەیە، ئیسرائیلش بگرێتەوە.
چوارشەممە 25ـی حوزەیرانی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر، بە تەلەفۆن قسەی کرد.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە، سەرۆک کۆماری میسر ئاماژەی بە گرنگی و بایەخی دانوستان و هەڵسوکەوتی بنیادنەرانەی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و جیهان کرد، کە دەبێتە مایەی پێشکەوتن و سەقامگیری و ئاشتی.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێرانیش لە وەڵامدا گوتی: وڵاتەکەی لە پێناو بەهێزکردنی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا ئامادەی هەموو هاوکارییەکە.
ئاماژەی بەوەش کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ پێکهێنانی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەکی ئەتۆمی و تەنانەت چەکی کۆمەڵکوژیش ئامادەیە، بەو مەرجەی ئەو لە چەک داماڵینە، ئیسرائیلیش بگرێتەوە.
پزیشکیان هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ هەوڵەکانی میسر و وڵاتانی دیکە، لە پێناو بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکەدا دەربڕی و گوتی: ئێمە ناچار بووین بۆمبارانی پێگە ئەمەریکاییەکەی ناو خاکی وڵاتانی دراوسێ و برامان، قەتەر بکەین.