كچێكی كورد لە ئاوارەییەوە دەبێتە بازرگان

چیرۆكی كۆڵنەدانی كچێكی ئاوارەی رۆژئاوای كوردستان

K24 - كۆبانێ

كچێكی كوردی ئاوارەی خەڵكی گرێسپی، دوای وێران بوونی موڵك و ماڵەكەیان لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە، ئاوارەی شاری كۆبانێ دەبن و دۆخی ئابووری زۆر خراپ دەبێت، بەڵام كۆڵ نادات و سەر لەنوێ ھەنگاو دەھاوێژێت و لە كۆبانێ كۆپانیایەكی گواستنەوەی كولوپەل دەكاتەوە.

ھێزا حەسەن، خەڵكی گرێسپی رۆژئاوای كوردستانە، چەندین ساڵە لە زێدی خۆی ئاوارەبووە و لە كۆبانێ گیرساوەتەوە، بە كوردستان24ی گوت: "ساڵێك پێش ئێستا بەھۆی ھێرشەكانی سەر گرێسپی ئێمە ئاوارەبووین و روومان كردە كۆبانێ، كاتێك مرۆڤ بێ ماڵ و كاردەبێت، ھەوڵدەدات كار بكات بۆ ئەوەی ئابووری بەرزبێتەوە، بۆیە ھەوڵمدا لە كۆبانێ دەست بەكار بكەم، بۆ ئەوەی خۆم و كۆبانێش سوودمەندبن، ئێستا خاوەنی كۆمپانیای گواستنەوەی كەلوپەلم، كارەكەمان لەنێوان سووریا و عێراق و توركیایە".

ھێزا، دەڵێ: "سەرەتای دەستپێكردنی كاری بازرگانی ئاستەنگی زۆر دێنە پێش، ئەو ئاستەنگانەش بۆ ژنان زیاترە، بەڵام من ھەوڵمداوە سوود لە دەوروبەر و كەسانی شارەزا وەرگرم، بۆ ئەوەی لە ھەر یەكێكیان زانیاری زیاتر وەرگرم".

ئێستا ئومێدی ھێزا، جگە لەوەی سەركەوتنیەتی لە كاری بازرگانی، دەخوازێت ھەرچی زووە گرێسپی لەدەست گرووپە توندڕەوەكان رزگار بكرێت و ئەوانیش بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

ھ.م