لە پێنج مانگدا عێراقییەکان نزیکەی 500 خانوویان لە تورکیا کڕیوە

دەستەی ئاماری تورکیا ڕایگەیاند، عێراقییەکان لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا، 480 خانوویان لە تورکیا کڕیوە.

پێنجشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2025، دەستەی ئاماری تورکیا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە "عێراقییەکان لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 480 خانوویان لە تورکیا کڕیوە، بەمەش عێراق لە پلەی پێنجەمی جیهاندایە لە کڕینی خانوو لەو وڵاتە."

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە "عێراقییەکان لە مانگی یەکدا 103 خانووی کڕیوە، لە مانگی شوبات 99 خانوو، لە مانگی ئاداردا 72 خانوویان کڕیوە، هەروەها لە مانگی نیساندا 70 خانوو، لە مانگی ئایاریش 107 خانوویان کڕیوە."

دەستەکە ڕاشیگەیاندووە "کڕینی خانوو لەلایەن عێراقییەکانەوە لە پێنج مانگی یەکەمدا بەڕێژەی 8.54% زیادی کردووە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، کە 439 خانوو بووە، بەڵام بەڕێژەی 68.5% کەمی کردووە بە بەراورد بە ساڵی 2023، کە 809 خانوویان کڕیبوو."

دەستەی ئاماەی تورکیا باسی لەوەش کردووە "ڕووسەکان لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زۆرترین خانوویان کڕیوە، کە هەزار و 329 خانوو بووە، دواتر ئێرانییەکان بە کڕینی 709 خانوو ڕیزبەندی دووەمیان گرتووە، پاشان ئۆکراینییەکان 537 خانوو و ئەڵمانەکانیش بە 460 خانوو لە پلەکانی سێیەم و چوارەم دێن."

عێراقییەکان لە ساڵی 2015ەوە بە بەردەوامی لە پێشەنگی لیستی کڕیارانی خانووبەرەن لە تورکیا.