بەرهەمی هەنگوین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیادیکردووە

پیشەی هەنگەوانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە. چەند ساڵێکە هەنگەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوازێکی زۆر پیشەیی و جیاواز لە شێوازی نەریتی هەنگوین بەرهەم دێنن.
هەنگەوانان لە خولەکانی تایبەت بە ڕاهێنانی هەنگەوانیدا بەشدار دەبن و هەوڵ دەدەن زانیارییەکانیان لەسەر ئەم پیشەیە بەرز بکەنەوە. ئەمەش وای کردووە پیشەی هەنگەوانی بەرهەم و داهاتی لە ڕابردوو زۆر زیاتر بێت.
هەنگەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند ساڵێکە لە جۆرێک هەنگی بە ڕەگەز ئەڵمانی بۆ بەرهەمهێنانی هەنگ سوود وەردەگرن، کە بووەتە هۆی ئەوەی ڕێژەی بەرهەمی هەنگوینیان لە نێوان دوو تا سێ ئەوەندەی ڕابردوو زیاد بکات. ئەم هەنگە بە ناوی ڕەگەزی کارنیکا دەناسرێت، دەتوانێ خۆی لەگەڵ کەشوهەوای زۆر سارد یا زۆر گەرم بگونجێنێت.
هەنگەوانانی شنۆ باس لەوە دەکەن، ئەم جۆرە هەنگە هۆکارێک بووە بۆ زیادبوونی بەرهەمی هەنگوین لە سنوورەکەیان، چونکە لەگەڵ کەش و هەوای شوێنەکە دەگونجێت و بەرهەمی زیاتریش دەدات.
لە پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم 25 هەزار کەس خەریکی بەرهەمهێنانی هەنگوینن و ساڵانە 44 هەزار تۆن هەنگوین بەرهەم دێنن. جا لە پرکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشی زۆری ئەم هەنگوینە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران و وڵاتانی دیکە هەناردە دەکرێت.