لە سنووری سیدەکان مین بە گەنجێکدا تەقییەوە و گیانی لە دەست دا

عوسمان سددیقی تەمەن 23 ساڵ بە هۆی تەقینەوەی مین گیانی لە دەست دا
عوسمان سددیقی تەمەن 23 ساڵ بە هۆی تەقینەوەی مین گیانی لە دەست دا

لە سنووری قەزای سیدەکان مین بە گەنجێکدا تەقییەوە و بەهۆیەوە گیانی لە دەست دا. بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە هەولێر دەڵێت: گەنجەکە بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵات سەردانی شوێنەکەی کردبوو. 

عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای هەولێر، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28-06-2025، گەنجێکی تەمەن 23 ساڵان لە کوێستانی سەرووکە، لە سنووری قەزای سیدەکان، بەر مین کەوت و گیانی لە دەست دا."

بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش دا "گەنجەکە ناوی (عوسمان سددیق)ـە، دانیشتووی گوندی خۆڕانە و بە مەبەستی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات سەردانی کوێستانی سەرووکەی کردبوو."

وەکوو ئەوەی عەلی عەبدولڕەحمان باسی کرد، ئەو شوێنەی ڕووداوەکەی لێ ڕووی داوە، ناوچەی قەدەغەکراوی ئەمنییە و نابێت بە هیچ شێوەیەک هاووڵاتییان بۆی بچن، بەڵام بەشێکی خەڵکی بە تایبەت ئەوانەی ئاژەڵدارن، سەردانی شوێنەکە دەکەن و داوتر زۆر جار مین پێیاندا دەتەقێتەوە. 

بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای هەولێر ئەوەشی خستە ڕوو، قووڵایی شوێنی ڕووداوەکە، نزیکەی پێنج کیلۆمەتر دەبێت و دەکەوێتە سنووری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەبەر هۆی ئەمنی، ڕووپێوی بۆ نەکراوە و لە مین پاک نەکراوەتەوە. 

بە گوتەی عەلی عەبدولڕەحمان، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر پێنج کەس و لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، حەوت کەس بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لە دەست داوە.