نەخۆشخانەیەکی دەروونیی 200 قەروێڵەیی لە هەولێر دەکرێتەوە
عوسمان ئیسماعیل نانەکەلی، سەرمایەداری شاری هەولێر، نەخۆشخانەیەکی دەروونیی 200 قەروێڵەیی، کە زۆربەیان بۆ ئافرەتان دەبێت، دروست دەکات.
شەممە 28ـی حوزەیرانی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری موسا ئەحمەد سهرۆكى دەزگای خێرخوازیی بارزانی و خێرخواز دکتۆر عوسمان ئیسماعیل نانەکەلی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندازیارو پزیشک، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی کۆتا کارەکانی، سەردانی نەخۆشخانەی نیشتیمانی تەندروستیی دەروونیی هەولێری کرد کە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و بە پێی ستاندەردی جیهانی دروست دەکرێت.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پارێزگاری هەولێر، ستایشی تەواوی تیمەکان و بە تایبەتی عوسمان نانەکەلی کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، هاوکات جەختی کردەوە لەوەی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم کارئاسانی بۆ خێرخواز و سەرمایەداران کردووە بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی پرۆژەی خێرخوازییەوە خزمەتی هەرێمی کوردستان بکەن.
نەخۆشخانەی نیشتیمانیی تەندروستیی دەروونیی هەولێر، زیاتر لە 200 قەرەوێڵەی تێدا دەبێت و بەشێکی زۆریان بۆ ئافرەتان تەرخان دەکرێن.
نەخۆشخانەکە، لەسەر ڕووبەری 35 هەزار مەتر دروست کراوە، لە شەش باڵەخانە پێک هاتووە، لەگەڵ باڵەخانەیەکی خزمەتگوزاریی و باڵەخانەی کارگێڕی، جگە لە دوو باڵەخانە بۆ ئافرەتان، یەکیان بۆ نەخۆشیی درێژخایەن و یەکێکی دیکەش بۆ نەخۆشیی کورتخایەن. بۆ پیاوانیش بەهەمان شێوە بۆ نەخۆشانی درێژخایەن و کورتخایەن، ڕووبەڕی تەواوی باڵەخانەکان 15 هەزار مەترە، هەر باڵەخانەیەک نهۆمێک یان دوو نهۆمە، ڕێژەی سەوزایی لە نەخۆشخانەکە سەدا 60ـی پێدراوە، چونکە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دەروونی نەخۆشەکان دروست دەکات.