بەریتانیا.. دەست بەسەر دوو هەزار و 400 کیلۆگرام کۆکایندا گیرا

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاند، لە یەکێک لە بەندەرەکانی لەندەن دەستیان بەسەر دوو هەزار و 400 کیلۆگرام کۆکایاندا گرتووە کە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین دەستبەسەرداگرتنی کۆکاین لە وڵاتەکە.

شەممە، 28ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، هێزەکانی سنووری دەریایی وڵاتەکەی توانیویانە لە بەندەری جیهانیی دەروازەی لەندەن، لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە، دەست بەسەر دوو هەزار و 400 کیلۆگرام کۆکایندا بگرن کە بە ژمارەیەک کەشتی لە پەنەماوە هێنرابووە وڵاتەکەیان.

هەروەها باسی لەوەش کردووە، کۆکاینەکە لە ژێر کۆنتێنەرەکاندا حەشار درابوون و بەهاکەی دەگاتە نزیکەی 132 ملیۆن دۆلارە.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێیتد پرێس، لەسەر زاری بەرپرسێکی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی زانیاریی هەواڵگیرییەوە توانیواینە لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەست بەسەر ئەو کۆکاینەدا بگرن. هاوکات، بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ئەوە دەبێتە شەشەم گەورەترین دەستبەسەرداگرتنی کۆکاین کە تا ئێستا لە وڵاتەکەدا تۆمار کراوە.

بەگوێرەی ئاماری ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانیا، وڵاتەکە یەکێکە لە گەورەترین بازاڕەکانی کۆکاین لە ئەورووپا. هاوکات، بەگوێرەی حکوومەتی بەریتانیا لە ئینگلتەرا و وێڵز ڕێژەی مردن بەهۆی بەکارهێنانی کۆکاین لە نێوان ساڵانی 2022 و 2023  گەیشتووتە 31%.