دوای 11 ساڵ گەنجێکی ئێزدی لە دەست داعش ڕزگار کرا
دوای 11 ساڵ گەنجێکی ئێزدی لە دەست داعش ڕزگار کرا و بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکراوانی دەستی داعشیش دەڵێت: تا ئێستا سێ هەزار و 589 کوردی ئێزدی ڕزگار کراون.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکراوانی دەستی داعش، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، گەنجێکی دیکەی کوردی ئێزدی بە ناوی "ڕەوەند نایف حەمید" لە دەست داعش ڕزگار کرا و ئەمڕۆ یەکشەممە، 29-06-2025، گەڕایەوە نێو کەسوکارەکەی.
ڕەوەند، خەڵکی کۆمەڵگەی خانەسۆرێیە لە سنووری قەزای شنگال، ئێستا تەمەنی نزیکەی 18 ساڵە و کاتی ڕفاندنی تەنیا حەوت ساڵان بووە. بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکراوانی دەستی داعش گوتی: دوای ئەوەی زانیاریمان بە دەست گەیشت کە ئەو گەنجە لە گوندێکی دەوروبەری شاری ڕەققەی سووریایە، دەستبەجێ هەموو ڕێکارێکی پێویست گیرایەبەر و توانرا لە ماوەیەکی کەمدا ڕزگار بکرێت.
حوسێن قائیدی، ئاماژەی بەوەش دا "ڕەوەند یەکەم کەسی خێزانە هەشت کەسییەکەیەتی کە چارەنووسی ئاشکرا دەبێت، چونکە هەموو ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون و تائێستا چارەنووسیان نادیارە." گوتیشی: 77 کەس لە بنەماڵەی ڕەوەند، ڕفێنرابوون و تا ئێستا، 38ـیان ڕزگار کراون."
قائیدی باسی لەوەش کرد، دوو ڕۆژ پێش ئێستاش کچێکی تەمەن 23 ساڵانی خەڵکی گوندی کۆچۆ، لە سنووری قەزای شنگال بە ناوی "دیما ئەمین" ڕزگار کرا. ئاماژەی بەوەش کرد، دیما، لە ساڵی 2014 لەگەڵ 8 کەسی دیکەی خێزانەکەی لە لایەن داعشەوە ڕفێنرابوو کە ئەو کات تەمەنی 13 ساڵ بوو.
لە هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا بۆ سەر شنگال لە 3ـی ئابی ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسیشی ڕفاند.
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکراوانی دەستی داعش ئەوەی خستە ڕوو، تا ئێستا سێ هەزار و 589 کوردی ئێزدی لە دەست داعش ڕزگارکراون و چارەنووسی دوو هەزار و 500ـی دیکەش نادیارە و هەوڵی ڕزگارکردنیان دەدرێت.