عەباس عراقچی نامەیەک ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

وەزیری دەرەوەی ئێران داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات ئەمەریکا و ئیسرائیل بە دەست پێشخەری جەنگ بناسێنێت و قەرەبووی زیانەکانی جەنگ بدەنەوە.

یەکشەممە 29ـی حوزەیرانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەکدا کە بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە و تێیدا داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات ئەمەریکا و ئیسرائیل بە دەست پێشخەری جەنگ بناسێنێت.

هاوکات داواش دەکات لێپرسینەوە لەو دوو وڵاتە بکرێت و قەرەبووی زیانەکانی جەنگی 12 ڕۆژە بدەنەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.

بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانـیان لە ئێران بۆمباران کرد. 

سێشه‌ممه‌، 24ـی حوزه‌یرانی 2025،  دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕایگه‌یاند و گوتی، جیهان پێشوازیی له‌م بڕیاره‌ ده‌كات، هاوكات پیرۆزبایی له‌ جیهان، ئێران، ئیسرائیل و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد.