ڕووسیا: خۆمان بۆ بەرگەگرتنی سزا نایاساییەکانی ئەورووپا ئامادە کردووە
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، هەرچەندە زیادکردنی سزاکانی سەر مۆسکۆ لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە نایاسایین، بەڵام خۆمان بۆ بەرگەگرتنیان ئامادە کردووە.
یەکشەممە 29ـی حوزەیرانی 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) لە بارەی لێدوانەکانی سەرکردەکانی ڕۆژئاوا بۆ زیادکردنی سزاکانی سەر مۆسکۆ گوتی: هەرچەندە زیادکردنی سزاکانی سەر وڵاتەکەمان نایاسایین، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەنجامێکی خراپی بۆ ئەو لایەنانەش دەبێت کە سزاکان دەسەپێنن.
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا ئاماژەشی دا، پێشبینییان کردووە کە ڕۆژئاوا بڕیاری زیادکردنی سزاکان دەدات، بۆیە بە باشی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگەگرتنی سزاکان ئامادە کردووە.
ڕۆژی هەینی 27ی حوزەیرانی 2025، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، لەبارەی سزاکانی ئەورووپا بۆ سەر وڵاتەکەی ڕایگەیاندبوو، هەر سزایەک لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە بۆ سەر مۆسکۆ، زیانی بۆ خۆیان زیاترە، چونکە لە ساڵی 2024ـەوە ئابووریی وڵاتەکەمان بە ڕێژەی 4.3% گەشەی کردووە، بەڵام ئابووریی ئەورووپا بە ڕێژەی 0.9% گەشەیی کردووە.
لە 10ی حوزەیرانی 2025، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا پێشنیازی گەڕێکی نوێی سزاکانی سەر ڕووسیا کرد، کە کەمکردنەوەی داهاتی وزە و سنووردارکردنی کەرتی بانکی و بە ئامانج گرتنی پیشەسازی سەربازی دەگرێتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەمەریکا ڕەزامەندی لەسەر بڕیارەکە نەداوە.