ناتانیاهۆ: دەرفەت بۆ ڕێککەوتن لەسەر غەززە ڕەخساوە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سەرکەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران دەرفەتێکی زۆری بۆ چارەکردنی پرسی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان ڕەخساندووە.

یەکشەممە 29ـی حوزەیرانی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سەرکەوتنەکەمان لە جەنگی 12ـە ڕۆژە لەگەڵ ئێران دەرگای بە ڕووی زۆر دەرفەتدا کردەوە بۆ ئەوەی لەسەر غەززە ڕێک بکەوین و بارمتەکان ئازاد بکەین.

هەروەها جەختیشی کردەوە، پرسی غەززە چارە دەکەن و شکست بە حەماس دەهێنن، دڵنیاشی دا، کە هەردوو ئامانجەکە بەدەست دەهێنن.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس ڕایگەیاندبوو، ئیسرائیل و ئێران لە یەک کاتدا داوای ئاشتییان کردووە، ئێستا کاتی ئاشتییە و جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست براوەی ڕاستەقینەی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیلن. لە پۆستێکی دیکەش دا ئاماژەی دابوو، ڕێککەوتنی غەززە نزیکە.

شەممە، 28ـی حوزەیرانی 2025، کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی لەسەر زاری بەرپرسانی وڵاتەکەی بڵاوی کردبووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە لە بەرنامەیدایە لە دوو هەفتەی داهاتوودا سەردانی واشنتن بکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆ ببێتەوە.

بەرپرسانی ئیسرائیلی بە کەناڵەکەیان گوتووە، ناتانیاهۆ لە سەردانەکەیدا لەگەڵ ترەمپ تاوتوێی کۆتاییهێنانی شەڕی غەززە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی ئاشتیی دەکات.