سەباح سوبحی: هەولێر و بەغدا زۆر نزیکن لە ڕێکەوتن

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: وەفدی دانوستکاری هەولێر و بەغدا زۆر نزیکن لە ڕێککەوتن بە ئەگەری زۆر چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕادەگەینن.
سەباح سوبحی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی ڕۆژ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە نزیکەوە ئاگاداری گفتوگۆکۆکانی نێوان شاندی دانوستکاری حکوومەتی هەرێم و عێراقین و لەگەڵ بەغدا نزیکین لە ڕێککەوتن.
سەباح سوبحی گوتی: وەفدی هەردوولا زۆر بە وردی و درێژی بابەتەکان لەگەڵ یەکتر تاوتوێ دەکەن و هەروەها سبەینی کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە دەبێت ، لەسەر بابەتی نەوت و مووچەکانی هەموو ساڵەکە، هەموو هەوڵەکانیش بەرەو چارەسەرێکی کۆتایین.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە کرد، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە فەرمی چارەسەری بنەڕەتی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕابگەینن.
هەروەها چەند سەرچاوەیەک بە پەیامنێری کوردستان24ـیان ڕاگەیاند، بەهۆی بەرەوپێشچوونی کۆبوونەوەکانی هەردوو شاندی هەولێر و بەغدا، ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرنی هەرێمی کوردستان دەدات، هاوکات ئاماژەیان بەوەش کردووە، بەم نزیکانە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ دەکاتەوە.