تەقە لە تیمی ئاگرکوژێنەوەی ویلایەتی ئایداهوی ئەمەریکا کرا
براد لیتل، حاکمی ویلایەتی ئایداهو ڕایگەیاند: ژمارەیەک لە پیاوانی ئاگرکوژێنەوە کاتێک لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە بوون لە باکووری ویلایەتەکە، ڕوبەڕووی هێرشێکی چەکداریی بوونەتەوە. داواشی لە دانیشتوانی ناوچەکە کرد، ماڵەکانیان بەجێ بهێڵن و دوور کەونەوە.
براد لیتل، لە پێگەی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە، لەبەر ئەو هێرشەی کراوەتە سەر پیاوانی ئاگرکوژێنەوە، داوا لە تەواوی دانیشتوانی ئایداهو دەکەم، نزا بۆ ئەوان و خانەوادەکانیشیان بکەن.
حاکمی ویلایەتی ئایداهو ئاشکرای کردووە، ئاگرەکە زیادی کردووە و داوای لە دانیشتوان کرد بۆ سەلامەتی گیانی خۆیان ناوچەکە بەجێ بهێڵن، بۆ ئەوەی پیاوانی ئاگرکوژێنەوەش ڕۆڵی خۆیان ببینن.
میدیاکانی ناوخۆی ئەمەریکا لە زاری پۆلیسی ویلایەتەکە ڕایانگەیاندووە، ژمارەیەک لە پیاوانی ئاگرکوژێنەوە بە دەستڕێژی گولـلە بریندار بوون.
فەرماندەی پۆلیسی ئایداهو، کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکەی لەو هێرشە چەکدارییە ڕاگەیاند، بێ ئەوەی ناسنامەی کوژراو و بریندارەکان ئاشکرا بکات.
نووسینگەی فریاکەوتنی هەرێمی کۆتینا هۆشداریی دایە هاووڵاتییانی نزیک لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە، بە ئاگادارییەوە لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە.
ئەفسەرێکی پۆلیسی کۆتینا بۆ تۆڕی هەواڵی(ئەی بی سی) ئاشکرای کرد، پیاوانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرێک بوون لە چیای کانفیڵدی ڕۆژهەڵاتی شارەکە، کاتێک کەسێک لەنێو دارستانێکی نزیکی ئاگرەکە، دەستڕێژی گولـلەی لێ کردوون، پۆلیس لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە دەست پێ کردووە بۆ ئەوەی بزانرێت ڕووداوەکە پلان بۆ داڕێژراوە یاخود هەڕەمەکییە.