بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا داوایەک لە ئێران دەکەن
بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا سەرکۆنەی هەڕەشەکانی سەر بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکەن و داواش لە ئێران دەکەن دەستبەجێ هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ ئەو ئاژانسە دەست پێ بکەنەوە.
دووشەممە 30ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتەکانی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشییان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا سەرکۆنەی هەڕەشەکانی سەر ڕافیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکەن و پشتگیری خۆشیان بۆ کارەکانی ئاژانسەکە پشتڕاست کردەوە.
داواش لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکەن، لە هەر هەنگاوێک بۆ ڕاگرتنی هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دوور بکەونەوە، هاوکات هانی تاران دەدەن، بە پابەندبوون بە یاساکان دەستبەجێ هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ ئەو ئاژانسە دەست پێ بکەنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەش دراوە، دەبێت ئێران هەموو هەنگاوێک بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی کارمەندانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بنێت.
هەرچەندە لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بە هەڕەشەکانی سەر بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نەدراوە، بەڵام شەممە، 28-06-2025، ڕۆژنامەی 'کەیهان'ی نزیک لە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە کە تێیدا ڕافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە سیخوڕی بۆ ئیسرائیل تۆمەتبار کردبوو و داوای دەستگیرکردن و دادگاییکردنی کردبوو.
ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کردبوو، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، زانیاریی نهێنی سەبارەت بە ناوەندە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆ ئیسرائیل گواستووەتەوە و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 'فۆکس نیوز' بانگەشەی ئەوەی کردبوو، ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا 60ـی لە شوێنە مێژووییەکانی ئیسفەهان شاردووەتەوە.
هەروەها تاوەکوو ئێستاش دەسەڵاتدارانی ئێران بە ئاشکرا پشتگیریان لەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی 'کەیهان' نەکردووە و ئەمیر سەعید ئیرەوانی نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەتیکردەوە هیچ هەڕەشەیەک لە دژی گرۆسی هەبێت.
ڕافیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی تاوەکوو ئێستا ڕاستەوخۆ وەڵامی ڕۆژنامەکەی نەداوەتەوە، بەڵام ڕایگەیاندووە کە کاری لە پێشینەی ئاژانسەکە دڵنیابوونە لە گەڕانەوەی پشکنەرانی بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانە.