ئێران: لێدوانەکانی ترەمپ یاریی دەروونی و میدیایین
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەخنە لە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دەگرێت و دەڵێت، لێدوانەکان نابنە هۆی چارەکردنی کێشەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
دووشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دەبێت زیاتر وەک یاریی دەروونی و میدیایی سەیر بکرێن.
هەروەها ئاماژەشی دا، ئەو لێدوانانە نابنە هەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ دیالۆگ و چارەکردنی کێشەکان.
یەکشەممە 29ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، گوتی: بەر لە هێرشەکانمان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، هیچ یۆرانیۆمێکی پیتێنراو نەگوزاربووەوە و مووشەکەکانمان ئامانجەکانیان پێکاوە.
سەرۆکی ئەمەریکا، دەڵێت: ئێستا ئێران بیر لە گەڕانەوە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ناکاتەوە، هەروەها ڕەنگە سزاکانی سەر ئێران هەڵگرین، ئەگەر وڵاتەکە نیازپاکی نیشان بدات.
گوتیشی: ئێران چەند هەفتەیەکی مابوو ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم، هاوکات تێچووی جەنگی 12 ڕۆژە لەسەر ئێران زۆر بوو.
هەروەها پێشتر دۆناڵد ترەمپ چەندین جار لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس لێدوانی جیاوازی لەسەر ئێران و عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران داوە.