نوێنەری جەزائیر لە ئەنجوومەنی ئاسایش: نابێت ئیسرائیل بەرزاییەکانی جۆلان داگیربکات

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لەبارەی سووریا کۆبوویەوە و نوێنەری جەزائیر دەڵێت: ئیسرائیل سەروەری سووریای پێشلکردووە و پێویستە ڕێگری لێ بگیرێت.
دووشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2025، نوێنەری جەزائیر، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی ڕایگەیاند: ئیسرائیل لە سووریا پێشلکاری کردووە ، تاوەکوو ئێستا ڕێگری لێ نەکراوە، سەروەری خاکەکەی پێشلکردووە، هەروەها ئیسرائیل گوێ بەم پڕۆژە یاسایە نادەت کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی دەریدەکات.
گوتیشی: پێویستە هەرچی زووە ئەم پێشلکارییانە ڕابگیرێت و پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش بە بەرپرسیارەتی خۆی هەڵبستێت، نابێت بەهیچ شێوەیەک ئیسرائیل بەرزاییەکانی جۆلان داگیربکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2025، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە قودس، گوتی: لە ئەگەری هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ سووریا، بەرزاییەکانی جۆلان وەک بەشێک لە ئیسرائیل دەمێنێتەوە.