وەزارەتی شارەوانی: وردبینی ناوی فەرمانبەران بۆ سوودمەندبوون لە وەرگرتنی زەوی کۆتاییهات

بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی دەڵێت: وردبینی ناوی فەرمانبەران بۆ سوودمەندبوون لە وەرگرتنی زەوی کۆتاییهات و قۆناغی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات.

سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پڕۆسەی وردبینی ناوی فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی زەوی ئەمڕۆ کۆتایی هات و بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو ناوی 35 هەزار فەرمانبەری دیکە لە ئەنجوومەنی وەزیران بگەڕێتەوە.

سەربەست مەولوود، گوتیشی: تاوەکوو ئێستا ناوی 435 هەزار فەرمانبەر بۆ سوودمەندبوون لە وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە، بەڵام هەزار فۆڕم گرفتیان هەبوو، لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنیان.

بەڕێوەبەری بەشی یاسایی ئاماژەی بەوە دا، لەدوای قۆناغی یەکەم، دابەشکردنی زەوی لەلایەن شارەوانییەکان دەستپێدەکات کە نزیکەی 480 هەزار فەرمانبەرە.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ڕایگەیاند، پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان، گەیشتە قۆناغی کۆتایی.

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.

ئامادەکردنی فۆڕمی فەرمانبەران بۆ سوودمەندبوون لە وەرگرتنی زەوی

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment