نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێت بەشە بودجەی ئێران بۆ دوو ئەوەندە بەرزبکرێتەوە
ڕێکخەری کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران هۆشداری دا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کاولکارییەکی زۆر لە وڵاتەکە ڕووی داوە، بۆیە دەبێت بودجەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری گەشەپێدان و هاوکاریی مرۆیی بۆ نزیکەی 150 ملیۆن دۆلار زیاد بکرێت.
سێشەممە 1ـی تەممووزی 2025، ستیفان پریسنەر، ڕێکخەری کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران، دەبێت بودجەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری گەشەپێدان و هاوکاریی مرۆیی بۆ دوو ئەوەندە بەرز بکرێتەوە.
هیواشی خواست کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشە بودجەی ئێران بەرز بکەنەوە، تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکانی دیکە نەکرێت.
پریسنەر ئاماژەشی دا، نزیکەی 50 کارمەندی نێودەوڵەتی و 500 کارمەندی ناوخۆیی لە نووسینگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران کار دەکەن.
گوتیشی: بودجەی ساڵی ڕابردووی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری گەشەپێدان و هاوکاریی مرۆیی لە ئێران 75 ملیۆن دۆلار بوو، کە نزیکەی 50 ملیۆن دۆلار بۆ پەنابەران و 25 ملیۆن دۆلار بۆ بەرنامەی گەشەپێدان تەرخان کرابوو.
باسی لەوەش کرد، ئێران میوانداری زۆرترین ژمارەی پەنابەران دەکات لە جیهاندا کە نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار پەنابەران، کە زۆربەیان لە ئەفغانستانەوە بۆ ئەو وڵاتە هاتوون.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.
بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانـیان لە ئێران بۆمباران کرد.
سێشهممه، 24ـی حوزهیرانی 2025، دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكی ئهمهریكا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕایگهیاند و گوتی، جیهان پێشوازیی لهم بڕیاره دهكات، هاوكات پیرۆزبایی له جیهان، ئێران، ئیسرائیل و ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست كرد.