ماکرۆن و پوتن جەنگی ئۆکرانیا و پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانییان تاوتوێ کرد

دوای نزیکەی سێ ساڵ،  سەرۆکی ڕووسیا و فەرەنسا بۆ یەکەم جار بە تەلەفۆن قسەیان کرد و باسییان لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و جەنگی ئۆکرانیا کردووە.

سێشەممە 1ـی تەممووزی 2025، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزێ) و کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کریملن) دووپاتییان کردەوە، کە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆشکی (ئێلیزێ) هەر دوو سەرۆکەکە باسییان لە جەنگی ئۆکرانیا و پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانییان کردووە.

ئاماژەشی داوە، ئیمانوێل ماکرۆن بە ڤلادیمێر پوتنی ڕاگەیاندووە، ئێران پێویستە بە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکان و هاوکارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پابەند بێت.

کۆشکی ئێلیزێ باسی لەوەش کردووە، سەرۆکی فەرەنسا داوای لە پوتین کردووە بە زووترین کات بە ئاگربەستی ئۆکرانیا ڕازی بێت.

لای خۆشییەوە کۆشکی سەرۆکایەتی (کرێملن)ڕایگەیاندووە، پوتن جەختی کردووەتەوە، هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی بکرێت پێویستە هەمەلایەن و درێژخایەن بێت، کێشەکان لە ڕیشەوە چارە بکرێن.

هەروەها ڤلادیمێر پوتن، پشتیوانی خۆی بۆ بەرنامەی ئاشتییانەی ئێرانی پشتڕاست کردووەتەوە و بە مافی ئێرانی زانیوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆشکی کرێملن، سەرۆکی ڕووسیا بە ماکرۆنی گوتووە، کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارە بکرێن.

هاوکات پوتن بە ماکرۆنی ڕاگەیاندوە، ڕۆژئاوا چەند بنکەیەکی سەربازییان لە دژە ڕووسیا لە ئۆکرانیا دامەزراندووە، بەم شێوەیەش ڕۆژئاوا  شەڕ لە ئۆکرانیا درێژ دەکاتەوە.

هەروەها ڤلادیمێر پوتن بە بیری ماکرۆنی خستبووەوە کە جەنگی ئۆکرانیا لە دەرەنجامی سیاسەتی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا دروست بووە. ئاماژەشی داوە، ڕۆژئاوا بۆ چەندین ساڵە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ڕووسیایان پشتگوێ خستووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆشکی ئێلیزێ، ئەو دوو سەرۆکە ڕێککەوتن کە بەم نزیکانە دووبارە قسە بکەنەوە.