جەدعون ساعر: بە دوو مەرج شەڕی غەززە کۆتایی پێدێت

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، حەماس لە بەردەوامی دان بە شەڕی غەززە بەرپرسیارە، ئەگەر ئەو بزووتنەوەیە بارمتەکان ئازاد بکات و چەک دابنێت، ئەوە دەستبەجێ شەڕ کۆتایی دێت.

سێشەممە 1ی تەممووزی 2025، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، حەماس نزیکەی 50 بارمتەی ئێمەی لا ماوە، ئەگەر ئەو بارمتانە ئازاد بکات و چەک دابنێت، ئەوەی بەیانی شەڕ کۆتایی پێدێت.

ئاماژەشی دا، ئیسرائیل لەبارەی ئاگربەستی غەززە جددییە، حەماسیش لە دەست پێ کردن و بەردەوامی شەڕەکە بە بەرپرسیار دەزانێت.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دووپاتیشی کردەوە، بە پێشنیازەکەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاگربەستی غەززە ڕازیبوونە.

لای خۆشییەوە، خەلیل حەیە، سەرکردەی حەماس لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، پێشنیازەکەی نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکامان ڕەت نە کردووەتەوە، تەنیا داوا هەندێک گۆڕانکاریمان کردووە، بۆ ئەوەی لە کۆتایی هێنان بە شەڕەکە دڵنیا ببینەوە.

گوتیشی: ئامادەینە بە نێوانگیری وڵاتان گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لە بارەی ئاگربەستی غەززە بکەین.

پێشنیازەکەی ویتکۆف پێکهاتووە لە ڕاگرتنی شەڕ بۆ 60 ڕۆژ لەگەڵ ئازادکردنی 28 بارمتەی ئیسرائیلی و هەزار و 200 زیندانی فەلەستینی.

هەر ئەمڕۆ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بەر لەوەی کۆشکی سپی جێ بهێڵێت، قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و ڕایگەیاندبوو: ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو لە کۆشکی سپی لەگەڵ ناتانیاهۆ کۆدەبمەوە و پرسی غەززە و ئێران تاوتوێ دەکەین.

ئاماژەشی دابوو: ناتانیاهۆش دەیەوێت کۆتایی بە شەڕی غەززە بێت. هاوکات هیوادارە هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەو ئەو پرسە ڕێک بکەون.