کەمبوونەوەی غازی هاوردەکراوی ئێرانی، کێشەی بۆ کارەبای عێراق دروست کردووە
وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوەی غازی ئێرانەوە، نزیکەی چوار هەزار مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبایان لە دەست داوە.
سەعد فەریح، بەڕێوەبەری سووتەمەنی لە وەزارەتی کارەبای عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا بڕی ئەو غازەی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرا، دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کە نزیکەی 25 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا دابەزیوە.
بەڕێوەبەری سووتەمەنی لە وەزارەتی کارەبا باسی لەوەش کرد، بە گوێرەی ئەو گرێبەستەی لە نێوان هەردوو وڵات‌دا کراوە، بڕی غازی هاوردەکراو لە ئێران، دەگاتە 55 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا.
سەعد فەریح لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستە ڕوو، دابەزینەکە لەناکاو بووە و بەهۆیەوە ژمارەیەک وێستگەی کارەبای غاز لە کار کەوتوون و لە ئەنجامدا نزیکەی 3800 مێگاوات توانای بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی کەم بووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی 28-03-2025، زیاد عه‌لی فازڵ، وه‌زیری كاره‌بای عێراق گرێبه‌ستی هاورده‌كردنی غازی له كۆمپانیای نیشتمانیی ئێران بۆ ماوه‌ی 5 ساڵ ئیمزا كرد، به‌بڕی (55 ملیۆن) پێ سێجا له رۆژێكدا.
ئامانجی ڕێككه‌وتنه‌كه به‌رده‌وامیدانه به كاری وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له عێراق، به‌جۆرێك بتوانن هاوتا له‌گه‌ڵ زیادبوونی خواست له‌سه‌ر كاره‌با كاری خۆیان بكه‌ن، تا ئه‌و كاته‌ی پرۆسه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كێڵگه‌كانی غاز له عێراق ته‌واو ده‌بن بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی كه‌رتی كاره‌با.
له ساڵانی ڕابردوودا چەندان جار ئێران ناو به‌ناو هه‌نارده‌كردنی غازی بۆ عێراق ڕاگرتووه، ئه‌مه‌شی بۆ چه‌ندان هۆكار گه‌ڕاندووه‌ته‌وه له‌وانه زیادبوونی خواست له‌سه‌ر غاز له ناوخۆی ئێران و دواكه‌وتنی پێدانی پاره‌ی غازی هه‌نارده‌كراو له‌لایه‌ن عێراقه‌وه.